۱۳۹۰ اردیبهشت ۱۵, پنجشنبه

نامەیەک بۆ فەرزاد کەمانگەر و هەموو کەمانگەرە گومناوەکان- بەندەر عەباس


ئاتێنا بەهمەنی، قوتابیی دەرکراو، خەڵکی شاری بەندەرعەباس و کچی «سەما بەهمەنی»، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ کە هەر ئێستاکە بە هۆی چالاکیی مرۆڤدۆستانە لە مەهاباد زیندانی کراوە، لە نامەیەکدا بۆ فەرزاد کەمانگەر، پیرۆزبایی «رۆژی مامۆستا»ی لێکردووە. دەقی نامەکەی ئەم قووتابیە کە بە هۆی چالاکیی مرۆڤدۆستانەی دایکیەوە لە قووتابخانە دەرکراوە بەمجۆرەیە:

سڵاو بۆ تۆ مامۆستای پۆلەکەمان لە قووتابخانەی خۆرەتاو. ئەمڕو رۆژی تۆیە. رۆژێک کە دەبێ سوپاسی بەرێزت بکەم و رێزت لێبگرم. هیچ دیارییەک شک نابەم شیاوی بەرێزت بێت. چون هیچ دیارییەک نیە بەرابەری بکات لە ئاست ئیرادەی تۆ کە بتوانم پێشکەشی بکەم بە دەست و پەنجەی پڕ لە مێهرەبانیت. بە پێنووسێک ئەم نامەیە دەنووسم کە رۆژێک لە رۆژان خۆت خستبووتە ناو پەنجەکانم و من و هەزارانی دیکەت فێری نووسین کرد. دوێنێ تۆ بوویت کە لە سەر تەختەڕەشە، ئەلف و بێ سپیەکەت وێنا کرد و ئەمڕۆ لە نەبوونتدا، رەشایی تەختەڕەشە وەک بۆشاییەک دێتە بەر چاو. ئەو رۆژە تۆ بوویت کاتێ یەکێک لە قووتابیەکانت لە سەر لاپەڕەی کاغەز، وێنەی باڵندەیەکی لە پشت میلەکانی زیندان کێشا، میلەکانت سڕیەوە. ئەمڕۆ تۆ خۆت بوویت بە باڵًندەیەکی ناو قەفەس. یادی ئەو رۆژانە بە خێر کە سەرمەشتی ژیانت بۆ قووتابیەکانت دادا و داوات لێدەکردن وەک تەمرین، کۆی «پۆلێک لە گوڵاڵە سورەکان» حیساب بکەن. هێشتا لە بیرتە لە کاتی پشوودان، بە چ شۆر و خۆشەویستییەکەوە لەگەڵ قووتابیەکاندا رات دەکرد. خۆزگە جارێکی دی لە کلاسی حیساب (ریازی)دا، حاسڵزەربی «زەوی» لە «لێدانی دڵ»ت حیساب کردبایە و دووبارە یەکەم پرسیاری تاقیکردنەوەکانی ئەمە بووایە کە «ماڵی دۆست لە کوێیە؟». خۆزگە دەکرا جارێکی دی لە سەر کلاسی دینی بڵًێت کە «من موسوڵمانم و قیبلەم گوڵێکی سوورە ... بەڵام داخەکەم، داخەکەم رۆژانی خۆشمان بەسەر چوو دووبارە نابێتەوە. داخەکەم کە لەمەودوا نە تۆ لە پشت مێزت دادەنیشیت و نە من لە سەر کورسیەکەم. داخەکەم، لەمەودوا نە تۆ لە رۆژی مامۆستادا دیاری وەردەگریت و نە من لە رۆژی قووتابیاندا.
مامۆستا گیان، کە فێری داب و نەریتی ئازادیخوازیت کردم، وانەی ئازایەتی و شێوازی ژیانی راستەقینە. گەر هێشتا دەتوانی وڵامی پرسیاری مناڵانەی من بیت پێم بڵًێ یاسا چەند بەشە؟ لەوانەیە بڵێت «یا»«سا»، واتا دوو بەشە. ئەمە شتێکە لە کتێبەکانەوە فێر بووین بەڵًام وانەی ژیان شتێکی دیکەیە. لە وانەی ژیان و ئەدەبیاتی جومهورییەتی ئێمەدا، یاسا پێنج بەشە. بەشی یەکەم، بێعەداڵەتی، بەشی دووهەم، نایەکسانی، بەشی سێهەم، توندوتیژی، بەشی چوارەم، چینی کۆمەڵایەتی و بەشی پێنجەم و بەشی چارەنووسساز، پارە. دەبینی کە تەنانەت ئەدەبیاتیان خستووەتە ژێر پرسیارەوە. بەس پێت سەیر نەبێت کە گەر زانیت دوو دانە دوو بۆ مناڵانی هەژار نابێتە چوار و بۆ دەوڵەمەندان دەبێًتە چوارسەد! تۆ راستیەکانت فێری قووتابیان کرد و نەتزانی کە ئەم کۆمەڵە «درۆ» دەخوازێت و ئەمڕۆ بە مشت و لەقە وڵامی کارە باشەکانت دەدەنەوە. بەڵێ مامۆستا، مامۆستای وانەی مرۆڤایەتی کە زانیت قەفەس شتێکی خراپە و تۆ بوویت کە گوتت دەبێ «هەوڵ و تێکۆشان» لە «داهێنان» زەرب بکرێت و بە ئۆمێد و باوەڕ کۆبکرێتەوە و خراپەکانی لێ دەر بکرێت هەتا بگات بە سەرکەوتن.


بینیت کە ئەمڕۆ بە تاوانی مرۆڤایەتی و هەوڵ و داهێنان و سڕینەوەی نایەکسانییەکان، تۆیان وەک کۆترێک خستووەتە قەفەسەوە. تۆ هەمیشە عادەتت کردبوو کە باسی باشی و پاکی بکەیت. بەڵام من پرسیارێکم لا ساز بووە کە زۆر باش نییە. ئایا هێشتا دەتوانی خاوەن ئۆمێد بیت؟ دەزانم چۆن وڵًامم دەدەیتەوە. بەڵێ دەکرێت. بەڵام کاتی وڵًامدانەوەت، دەنگت دەلەرزێت. چون تۆش لە گوماندایت، بەڵام خەیاڵت ئاسودەیە. ئێمە تەنانەت گەر ئۆمێدیشمان نەبێت هێشتا یەکترمان هەیە. دڵنیا بە گەرچی تۆ لە ناو زیندان و لەو دیوی میلەکانی ئاسندایت قووتابیەکانت لە دەرەوی زینداندان بەڵام هێشتا باشترین مامۆستای ئەم سەردەمەیت. لەبەر ئەوە کە فێرت کردین کە بەسەبر بین. دەبێ پشت بە راستیەکان ببەستین و دەبێ راستییەکان باس بکەین. تۆ هەمان داستانە کۆنەکانت گوتەوە دەربارەی «دێوەزمە رەشەکە» بەڵام بەم جیاوازییەوە کە لە داستانەکەی تۆدا، گەر چی ئەنجامی دیار نەبوو بەڵام دێوەزمە رەشە، شکستی هێنا لە بەرانبەر رووناکایی و هزی سپیدا. هەر بۆیە تۆ لە ناو زینداندایت. چون بیروباوەڕت سپی بوو. پێنووسەکەت لقێک لە رۆشنایی. تۆ لە گەڕان بەدوای ئازادیدا ئەسیر کرایت بەڵام هێشتا ئەوەی فێر بووین لێرە لە ئاڕادایە و یەک بە یەکی غونچەکانت، ئەوەی لە تۆ فێر بوون بۆ ئەوانی دی دەگیًَڕنەوە و گەرچی دیوارەکانی هەر چوار لات بەرزن بەلًَام گیانی واڵای تۆ بەرزترە لەم دیوارانە.



بەڵًام مامۆستای جوامێری و ئازایەتی، ناوت بووەتە وێردی زومان. چون حەزت لە راستییەکان بوو. گەر چی ئەسیری بەڵام هەمووانت فێری ئازادیخوازی کرد.. هەر بۆیە تۆ شایستەیت دەنگی یەکە بە یەکەی گوڵەکان و دڵۆپە شەونمەکان و پەرەسیلکەکان ببیستیت کە پێًت دەڵًێن: رۆژ باش مامۆستا.



ئاتێنا بەهمەنی

قووتابییەکی دەرکراو لە قووتابخانە

بەندەر عەباس

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر