۱۳۹۰ فروردین ۶, شنبه

ئەگەری جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدامی شێرکۆ مەعارفی زیندانی سیاسی کورد

هاوکات لەگەڵ هاتنی سەری ساڵی نوێی 1890ی هەتاویی، دادگای ئینقلابی شاری سەقز بە بنەماڵەی شێرکۆ مەعارفی بەندکراوی سیاسی کوردی خەڵکی شاری بانەی راگەیاندووە کە رۆژی 11ی گوڵان حوکمی ئێعدامی شێرکۆ بەڕێوە دەچێت. هەر دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە کە لە ماڵپەڕیی رۆژنامە بڵاو بوەوە، بنەماڵەی شێرکۆ مەعارفی داوایان لە هەموو تێکۆشەرانی کورد لە دەرەوە و ناوخۆی وڵات و سەرجەم حیزب و رێکخراوە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە کە هەموو هەوڵەکانی خۆیان بۆ راگرتنی حوکمی ئێعدامی شێرکۆ مەعارفی بخەنە گەڕ.
پاش ئەوەی هەواڵی بڵاوبوونەوەی حوکمی ئێعدامی شێرکۆ لە ماڵپەڕیی رۆژنامە بڵاو بویەوە، هەڵسووڕاوان و چالاکانی سیاسی ومەدەنی کورد لە ناوخۆی ئێران و بە تایبەت کوردستان چالاکیەکانی خۆیان لە رێگەی راگەیاندن و ئاگادارکردنەوەی رای گشتی بۆ پشتیوانیکردن و راکێشانی سەرنجی بیروڕای گشتی بۆ لای ئەم مەسەلە خستە گەڕ تا بەمشێوە سیاسەتەکانی کۆماری سێدارەری ئیسلامی لەقاو بدەن. شێرکۆ مەعارفی چالاکی سیاسی کورد رێکەوتی 9ی رەزبەری ساڵی 1387 لە شاری سەقز لە لایەن هێزەئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەرو دواتر لە لایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارە حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپا. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەم حوکمە بە شێوەی رەسمی بە بنەماڵەکەی رانەگەیندراوە، بەڵکوو لە رێگەی کەسانێکەوە بنەماڵەکەی ئاگادارکراوەتەوە کە بڕیارە رۆژی 11ی گوڵان کە رۆژی جیهانی کرێکارە، حوکمی ئێعدامی شێرکۆ بەڕێوە بچێت. هەر لە کاتی بڵاوبوونەوەی هەواڵی کاتی ئێعدامی ئەم چالاکە سیاسیە کوردە، کەمپەینێک بۆ بەرگری لە جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدامی شێرکۆ مەعارفی بۆ پشتیوانیکردن لە ناوبراو لە سەر ماڵپەڕیی فەیس بووک لە سەر تۆڕی ئینترنت، چالاکیەکانی دەسپێکرد کە تا ئێستا هەزاران کەس لە چالاکی سیاسی و مەدەنی و هەڵسووڕاوانی مافی مرۆڤ، بوونەتە ئەندامی ئەم کەمپەینە. پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە چەند مانگ لەوەپێش و لە کاتی بڵاوبوونەوەی هەواڵی بڕیاری ئەگەری جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدامی چالاکێکی سیاسی کوردی دیکە بە ناوی حەبیبوڵڵا لەتیفی لە شاری سنە لە لایەن دادگای ئینقلابی ئەم شارە، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و سەرجەم چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە هەوڵێکی بەربڵاودا و بە گواستنەوەی هەموو هەواڵ و زانیاریەکان سەبارەت بە  جێبەجێکردنی ئەم حوکمە بۆ رای گشتی و پێکهێنانی کەمپەین و کۆبوونەوە، بوە هۆی ئەوەی کە حوکمی ئێعدامی حەبیبوڵڵا لەتیفی رابگیرێت. ئێستاش بۆ جارێکی دیکە پێویستە هەموو رێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ و سەرجەم رێکخراوە مرۆڤدۆستەکان هەوڵەکانی خۆیان بۆ راگرتنی حوکمی ئێعدامی شێرکۆ مەعارفی چالاکی سیاسی کورد لە زیندانی شاری سەقز کە بڕیارە رۆژی 11ی گوڵانی ئەمساڵ لە سێدارە بدرێت، بخەنە گەڕو نەهێڵن جارێکی دیکە بنەماڵەیەکی دیکەی کورد خەمی لە دەستدانی ئازیزانیان ببینن.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر